بابەتی گەرم:

هیوا گوڵ محەمەدی

هێشتا نەتەقیوەتەوە کاک مەسعود مەحکوومی دەکات!

Wednesday, March 16, 2016


هیوا گوڵ محەمەدی

 هەر کە لە ئانکارا یان ئیستانبوڵ تەقینەوەیەک دێتە ئاراوە، یەکسەر و بەپەلە کاک مەسعود بارزانی و برازاکەی واتە نێچیرڤان بارزانی مەحکوومی دەکەن. داخوا سێحری ئەم هەڵویستە چیە؟ ئایا کاک مەسعود و کاک نێچیر دژی توندوتیژین؟ ئەی باشە کومەڵکوژییەکانی جزیر و سووری ئامەد و نسێبین و ... نابینن؟ ئەگەر ئەیبینن چۆنە بێدەنگن و متەقیان لێوە نایە؟

 بێگومان پ.ک.ک و کورد خوازیاری شەڕ نین و ئەوە  15 ساڵی رەبەقە داوای دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانە دەکەن. ئەوەی دەسەڵاتدارانی تورکیا ئەنجامی ئەدەن پێوەندی بە پ.ک.ک-وە نیە و مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە.

 کاتێک دەورانی حوکمی  عوسمانی کوتایی هات و تورکیایەکی نوێ هاتە ئاراوە، کورد بەشێک لە هێزی دامەزراندنی جمهووریی تورکیا بوون. کاتێک جمهووریی تورکیا سەرکەوتنی خۆی مسۆگەر کرد، کوردی وەک یەکەم دژمنی خوی دیاری کرد. ئەو کاتەی کە کۆمەڵکوژی یەک لە دوای یەک بۆ بە چۆکداهێنانی کورد بەڕێوەئەچوو و سەردارانی کورد زەنجیر ئەکران و ژن و کچی کورد رووبەڕووی دەستدرێژیی لەشکری داگیرکەری تورک ئەبوونەوە و زمانی کوردیی یاساخ کرا و ناسنامەی کوردی شێوێندرا، ئاسەوارێک لە پ.ک.ک نەبوو. 70 ساڵ زوڵم و زور، داگیرکاری، چەوساندنەوە و بێحورمەتیکردنی داگیرکەرانی تورک، بوونە هۆکار کە فکر و رامانێکی نوێ لە دایک ببێ. ئەو فکر و رامانەش لە لایەن بەڕێز ئۆجەلان و چەند هەڤاڵێکیەوە کە چەند کەسیان تورک بوون گەڵاڵە کرا و خرایە قوناخی کردەوە و لە 1984دا بۆ یەکەمجار تەقەی تفەنگی شوڕشگێرانی کورد خەونی داگیرکەرانی زڕاند. هەر ئەو کاتەش و هەر لە گەڵ تەقاندنی یەکەم فیشەکی ژیانەوەدا کەسانێک کەوتنە قسەکردن و پێش داگیرکەرانی تورک کەوتنەوە و وتیان، ئەم پ.ک.ک-یانە کۆمەڵێک خەڵکن کە قسەی حیسێبی نازانن و شێت بوون و ئەیانەوێ کوردستان وێران بکەن. ئەو قسانە لە کاتێکدا ئەکران کە دەیان ساڵ بوو جمهووریی تورکیا، تاک و کۆمەڵی کوردیی گەیاندبووە سەر هەڵدێری تواندنەوە و قڕکردن و هەموو مافێکی خۆزایی، سیاسی، ئابووری، کولتووریی لێ زەوت کردبوون و کوردستانی بە دوور لە گەشەی پیشەسازی راگرتبوو.

 ئیتر لەو رۆژەوە پ.ک.ک هاتوەتە گۆڕەپانی خەباتی ئازادی و مافخوازییەوە بۆ کوردان، دوو بەرەش لە ناو کورداندا دروست بووە. ئەم دوو بەرەیەش بەردەوام خەریکی یەکتر شکاندنن. بەڵام لە راستیدا هەموو هەوڵەکان بۆ یەکتر شکاندن، هێزی هەر دوو لا کەم دەکاتەوە و کەسیان قازانجی لێ ناکەن.

 لە بەرەی یەکەمدا پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق هەیە کە ئێستە وەک جۆرە بەرەیەکی لێ هاتووە و زیاتر لە 25 حیزبی گەورە و چووکی لە بن باڵی خۆیدا کۆکردوەتەوە و بەو ئیمکانە ماددییەی لە سەروەت و سامانی گەلی کورد لە باشوور لووشی داوە، هاوکاریی بێسنووری ئەو حیزبانە دەکات. لە بەرەی دووهەمدا پ.ک.ک هەیە. پ.ک.ک  کولتوورێکی نوێی هێناوەتە ناو خەباتی کوردایەتیەوە و ئەوەش بڕوابەخۆبوونە. پ.ک.ک بە بێ دوودڵی، دەڵێ ئەیکەین و ئەبێت و ئەکرێت و ناچین و هەڵنایەین و ئەوەی دۆستمانە سپاسی دەکەین و ئەوەی دوژمنمانە وەک خۆی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەین.

 سیستەم و سیاسەتکردن و بەڕێوەبەریی بەرەی یەکەم لە باشووری کوردستاندا دیارە و چەند جار شکستی بە ئیرادەی بەرخوەدانی کوردان هێناوە و ئەوەی ئێستە هەیە ئەنجامی سیاسەتی حەکیمانەی ئەو لایەنە نیە کە خۆی بە خاوەن هەموو شتێکی کوردان دەزانێ، بەڵکوو بەرهەمی هەلومەرجێکی تایبەت و بەرژەوەندی سەرمایەداریی جیهانییە. ئەگەر چی هەموو بەهارێک باسی سەربەخۆیی کوردستان دەکرێ، کورد لە باشووری کوردستاندا خاوەن هیچ بنەمایەکی سیاسی، سەربازی، ئابووری، ئاکادیمی، نەتەوەیی و هاوچەرخ نیە و ئەو بانگەوازانە تەنیا بۆ چەواشەکردنن و هیچی تر.

 ئەوەتەی پ.ک.ک خەباتی دەست پێکردووە، هەموو کات باسی یەکیەتی و هاوخەباتی و کۆنگرەی نەتەوەیی و دەنگی هاوبەش و سیاسەتی هاوبەش ئەکات. دیارە پ ک ک هەموو ئەمانەی لە ژێر چەتری خۆیدا دەوێ، بەڵام لە ژێر چەتری خۆیدا ئەوی کردوویەتی لە بەرژەوەندی کورداندا بووە و ئەنجامەکەی لە رۆژئاوای کوردستان دەبینین.

 لە کاتێکدا هەموو لایەنە چەکدارەکان و بە ئەرتەشی سووریا و عێراقیشەوە لە بەر هێرشەکانی داعشدا خویان پێ نەدەگیرا و هەڵدەهاتن، یەکینەکانی پاراستنی گەل- یەپەگە، سینگی لە خاکی سووتاوی رۆژئاوا چەقاند و وتی؛ ئەم بەرخوە بدەین. ئەم دروشمی بەرخوەدان ژیانە کە لە لایەن بەڕێز ئۆجەلان و پ.ک.ک-وە هاتوەتە ئاراوە، بوو بە فەلسەفەی وەرچەخانی خەباتی کوردان و نیشانی دا کە ئەگەر بڕوابەخۆبوون هەبێ، بەرەنگاریی ئیمکانی هەیە.

 هەر چۆنێ بێ ئێستە لە رۆژئاوای کوردستان خەڵک لە تەنگانەدا ئەژین، گەمارۆی چەند لایەنیان لە سەرە کە لایەنێکی گەمارۆی ماڵی بارزانی و سنوورەکانی باشووری کوردستانە، بەڵام سەرباری ئەمەش لەوێ ژیانێکی بە نەزم و بەرنامە بەڕێوە ئەچێ.

 ئەگەر لەم باسانە گەڕێین ئەوا دەبێ بێینە سەر ئەسڵی باسەکەمان و ئەویش باکووری کوردستانە. حکوومەتی ئاکەپە بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردوغان لە ساڵی 2002 بەملاوە بە دروشم و فریودان هەوڵیان دا گەلی کورد چەواشە بکەن. پ.ک.ک و بەرێز ئوجەلانیش لەگەڵیانا کەوتنە یارییەوە. 

 لە پلانی بەڕێوەچوونی پیلانەکانی ئەردۆغاندا، بنەماڵەی بارزانیش جێیەکی تایبەتیان هەبوو و هەیە. ئەوەی ئێستە بارزانی بۆ تورکیای ئەکات لە مێژووی گەلی کورد دا نموونەی نادۆزینەوە. لە گەلێک قوناخی مێژووییدا کورد بوونەتە ئامرازی دەستی داگیرکەران، بەڵام ئەوەی ئێستە بارزانی ئەیکات ئامرازبوون نیە، بەڵکوو خۆکوژییە. قۆناغەکە لەوە هەستیارترە کە مرۆڤ بتوانێ بە بێدەنگی لێی دەرباز بێت. ئەردۆغان لەوپەڕی شێتیدایە و ئەو شێتییەش وای لێ دەکات سەروبن ببێ. ئەوەی کە تەمەنی ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەی درێژ دەکاتەوە، بنەماڵەی بارزانین و لە کاتی کەوتنی ئەردۆغاندا بێگومان ئەوانیش ئەکەون، بۆیە زور بە جیددی چوونەتە ناو گەمەکەی ئەردۆغانەوە و تەنانەت بە ئاشکرا دژی هەموو لایەک قسە ئەکەن.ئێستە ئامریکا و هاوپەیمانەکانی پێویستیان بە بارزانی هەیە و چرا سەوزیان پێداوە کە ئەوەی پێی خۆشە بیکات. ئەو چرا سەوزە لە راستیدا چرای وەرگەڕانە و هەر هەمان چرایە کە بە قەزافی و سەدام و ....هتد-یان نیشاندا.

 شەڕ لە باکووری کوردستانا گەرمە، ئەرتەشی تورکیا بێ روحمانە و دڕندانە ئەوەی پێی خوش بێ ئەیکات، کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات، ماڵی خەڵک ئەڕووخێنێ و هەموو شوێنێک لە شار و گونددا ئەداتە بەر گوللەی تانک و تۆپ و تەیارە. قەندیل بۆردومان دەکرێ، لە زانکۆکان هێرش دەکرێتە سەر گەنجانی کورد، لە شارە تورکنشینەکاندا، هەر کوردێک بناسنەوە، دایئەپڵۆسێنن و هەموو ئەوانەش بە پلان و بەرنامە و پشتگیریی دەوڵەت و لە سەر داواکاریی ئەردوغان دەکرێ.  لە ناوخۆی تورکیادا و لە لایەن گەلانی تورکیاوە دەنگی ناڕەزایەتی بەرزبوەتەوە و ئەردۆغان وەک هۆکاری ئەم تاوانانە دەناسرێ و دەبیندرێ.  کورد لە هەستیارترین قۆناخی خەباتی خۆیدایە، یان دەبێ بیباتەوە یان دەبێ بیپێچێتەوە، بۆیە ئیتر نە پ.ک.ک و نە هیچ لایەنێکی دیکە ناتوانێ بەر بە رقی گەل بگرێ و دەبێ چاوەڕوانی هەموو جۆرە رووداوێک بین. ئەردۆغان و دەسەڵاتدارانی تورکیا و ئەرتەش و پۆلیس و ناوەندە ئەمنیەتیەکانی ئەو وڵاتە ژیانیان لە خەڵکی کورد تاڵ کردووە و دەبێ ژیانیان لێ تاڵ بکرێ.

 لە ماوەی یەک مانگدا لە شارە گەورەکانی تورکیا دوو تەقینەوە روویدا. یەکەمیان لە ناوەندێکی سەربازی بوو و "تەیرێ بازێن ئازادییا کوردستان/ تاک" بەرپرسیارێتی ئەو کارەی گرتە ئەستوی خۆی و لە تەقینەوەی دووهەمدا کە لە پاركێک کراوە، تا ئیستا کەس بەرپرسیارێتی نەگرتوەتە ئەستۆ.  هێندێ کەس و حیزبی کوردی خێرا روویان کردوەتە پ.ک.ک و دەڵین کارێکی باش نیە و ئەم جۆرە کارانە زەرەر لە ئاشتی ئەدا و کورد دەبێ کاری وا نەکا و لەم قسانە.  مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق رایگەیاندووە کە ئەگەر ئەمە کاری پ.ک.ک بێت، ئەوا کارەسات روو ئەدات. من لە مەبەستی بارزانی تێناگەم کە چ کارەساتێک رووئەدات، لەبەر ئەوەی بارزانی لەو هەموو جورم و جینایەتەی دەسەڵاتدارانی تورکی هاوپەیمانی خۆی دەرحەق بە گەلی کورد ئەیکەن هیچ تێگەیشتن و هەڵوێستێکی نیە.

 بە باوەڕی من ئەو تەقینەوەیە کاری پ.ک.ک نیە، ئەگەرچی بە دووری نازانم کە گرووپێکی کورد یان لایەنی بەرەی ئازادیی تورکیا ئەو کارەی کردبێ. بەڵام  ئەو تەقینەوەیە ئەنجامی سیاسەتی نکۆڵی و دژە مرۆڤانە و دیکتاتۆرانەی ئەردۆغان و ئەرتەش و هێزە سەرکوتکەرەکانی دیکەی تورکیایە و دەبێ بەری کار و کردەوەکانیان بدرونەوە و درەنگ یان زوو دەبێ شارەکانی تورکیا ئارامییان تێکبدرێ و بەو جۆرە لە تێکدانی ژیان و ئازادی و ئارامیی شار و گوندی کوردان تێدەگەن.

  ئەو لایەنە کوردییانە و ئەو لایەنانەی بە ناوی مافی مرۆڤ و دیموکراسی و ئەو شتانەوە تەقینەوەکانی ئیستانبوڵ و ئانکارا محکووم دەکەن، دەبێ چاو و گوێی خۆیان بکەنەوە و دۆخ و ژیانی کوردەکانی باکووریش ببینن و دەنگی منداڵ و پیر و پەککەوتەی شارە گەمارۆدراوەکانی کوردستان ببیستن، دەنا شەڕ لە ئاشتی ئاسانترە.  پ.ک.ک دژکردەوەیە لە هەمبەر کردوەکانی دەسەڵاتدارانی جمهووری تورکیا و هێزی بەرەنگاریی داگیرکارییە و ئەو هێزەیە کە خەبات و تێکۆشانی کوردانی دەربازی بڕوابەخۆبوون کردووە و ئەشزانێ ئەمە بە هەرزان تەواو نابێ، بەڵام ئەنجامێکی شکۆمەندی دەبێ.  کاتی ئەوە هاتووە کورد لە بازنەی خۆپاراستن و پاڕانەوە و باجدان بێنە دەرێ و شەڕی یەکلاکەرەوە بکەن و ئازاری گەیشتن بە ئازادی کەم بکەنەوە.  ئیتر کە چاو لە هەل و مەرج و ڕاستییەکانی ئەم مێژوویە ئەکەین، پ.ک.ک و گەلی کورد قوربانین و داگیرکەر و هێرشکەرە دڕندەکان تاوانبارن.

 ئەوانەی دێنە کوردستان و کورد ئەکوژن، ئەچنەوە شارە ئەمنەکانی تورکیا و ئیسراحەت ئەکەن و ئیمتیاز وەردەگرن، کەوابو کاتی ئەوەیە ئەو ئیسراحەتەیان لێ تێک بدرێ و لەجیاتی هاتن بۆ کوردستان و بۆ کورد کوشتن، ناچار بن لە شار و ناوچەی خۆیان بمێننەوە و خۆیان بپارێزن.

 باشترە کاک مەسعود و کاک نێچیر لە جیاتی هەڵوێست وەرگرتن لە هەمبەر هێرشەکانی سەر داگیرکەرانی تورک و شارەکانی تورکیا، بێنە دەنگ و ببنە بەشێکی دانەبڕاو لە مێژوویەکی شەرمێونانە، یان بێدەنگ بن یان باکووری کوردستانیش وەک خۆی ببینن.
 

 


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷