هیوا گوڵ محەمەدی
بارزانی ناڕوا، چارەیەکی دیکە بدۆزنەوە!
Friday, April 8, 2016
باشووری کوردستان لە قەیرانێکی قووڵی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری دایە. سیستەمی بەڕێوەبەریی هەڵوەشاوەتەوە و بە کردەوە پارلەمان و حکوومەت و سەرۆکایەتی هەرێم کارا نین. پارلەمان لە لایەن پارتی دیموکرات و بە فەرمانی بنەماڵەی بارزانی پەکی کەوتووە و حکوومەت لە بێ بەرنامەیی و ئیفلاسی ئابووری، کارایی نەماوە و سەرۆکایەتیی هەرێمیش لە باری یاساییەوە کاتی بەسەرچووە. ئەوەی لەم کێشانە و لە نەبوونی ئەم سێ دەسەڵاتەدا زەرەر دەکات، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دۆزی سیاسی و جیهانی گەلی کورد بە گشتی و باشووری کوردستان بە تایبەتیە.
هێزە هاوپەیمانەکان بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا دەیانەوێ بارزانی بمێنێتەوە، وەک گارانتیەک بۆ بەرەوپێشبردنی بەرنامەکانی خۆیان و هەروەها وەک سپەرێک لە بەرانبەر هەژمۆنی پارتیا کارکەرین کوردستان پ ک ک دا. بنەماڵەی بارزانی ئاسانترین کارتن کە ئامریکا و لایەنەکانیتر ئەتوانن چۆنیان بوێ بەکاریان بێنن و ئەمەش وای کردووە بەردەوام هەوڵی باڵادەستی ئەو بنەماڵەیە و بە ناوی حیزبی پارتیەوە بدەن.
لە چەند ساڵی رابوردوودا بنەماڵەی بارزانی کەوتنە هەڵەیەکی ستراتیژیەوە و بە تەواوی خۆیان گرێدا بە ئەردوغان و حکوومەتەکەیەوە و لە بیریان چوویەوە کە هێزی گەورەتر لە ناوچەکەدا بڕیار ئەدەن. ئەردوغان و حکوومەتی ئاکپارتی لە 2003 بەملاوە بەردەوام بەرەنگاری پلانەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی دەبوونەوە لە ناوچەکەدا و ئەوەش وای کرد کە رۆڵی بارزانی و تاڵەبانی زیاتر ببێت و لە لایەکیترەوە چاوپۆشی لە سەرەڕوێی و گەندەڵکارییەکانی بنەماڵەی بارزانی بکرێ بۆ ئەوەی نەبنە کۆسپ لە بەردەم پێشوەچوون و بوویەرەکانی ناوچەکە.
دیارە ئامریکاییەکان و هێزەکانی دەوربەری ئامریکا بە باشی لەوە ئاگادر و دڵنیا بوون کە پ ک ک گەورەترین هێزی بە پلان و بەرنامەی کوردییە و بڕوای بە خۆی هەیە و مەعامەلەی بچووک و ئاسان ناکات و بەردەوام ئەگەر "یەک" بە "دە" لە مەعامەلەیکی سیاسی، سەربازیدا قازانج نەکات ئەوا تەسلیمی ئەو مەعامەلەیە نابێ. ئەوەشمان لەبیر بێ کە هەر لەگەڵ هاتنی هێزی هاوپەیمانان بۆ عێراق و دوای رووخانی سەدام حوسێن، جورە پێوەندیەکی راستەوڕاست لە نێوان ئامریکا و پ ک ک دا پێکهات و بەردەوام بوو، بەڵام ئامریکاییەکان بە حەساسیەت و دوودڵیەوە نێزیکی ئەو دوستایەتیە دەبوونەوە.
لە شەڕی زاپ دا ساڵی 2008 گریلا هێرشەکانی ئەرتەشی تورکیەیان تێکشکاند و ئامریکاییەکانیش بۆ یەکەمجار دانیان بە، بەهێزیی پ ک ک دا نا و رایانگەیاند کە باشترە دەوڵەتی تورکیە بیر لە رێگەی چارەی جیاواز بکاتەوە و ئیتر دوای ئەو هەڵوێستانە و دوای ئەو سەرکەوتنە سەربازییانەی پ ک ک، ئیمراڵی کەوتە رۆژەڤەوە و بەڕێز ئۆجەلان هاتە ناو یارییەکەوە و زۆر جوان دەوری گێرا. کاریگەریی دەوری بەڕێز ئۆجەلان و گەرمبوونی پێوەندیەکانی پ ک ک و ئامریکا، بنەماڵەی بارزانی تەنگەتاو کرد و ئەوجار هەوڵیان دا بە شێوەی جوراجۆر پێش لەو بەرەوپێشچوونانە بگرن و تەنانەت لە هێندێ حاڵەتدا هەوڵیان دا گوشار بخەنە سەر ئامریکاش. لە ساڵی 2011 بەملاوە وەرچەخانە گەورەکە هاتە ئاراوە و ئیتر پ ک ک وەک یەکەم هێزی دژ بە تێرور رۆڵی گێرا و لە ئازادکردنی شەنگاڵا بە تەواوی هاوپەیمانی و دوستایەتی ئامریکا و پ ک ک دەرکەوت و هەر دوو لا لە سەنگەرێکا خویان نیشان دا.
دیارە بارزانی هەر وەک چۆن لە باشووری کوردستانا هەوڵی رەشکردنی پ ک ک و دڕدونگی نانەوەی لە نێوان ئامریکاییەکان و پ ک ک ئەدا، گوشارەکانی لە سەر رۆژئاوای کوردستانیش زیاد کرد و هەوڵی ئەدا بە هاوکاری تورکیە بەرخوەدانی "یەپەگە" تێکبشکێ و ئامریکا و هاوپەیمانەکان ملکەچی ئەوان و تورکیە ببن و لەم پێناوەشدا هەموو شتێکی چاوەڕوان نەکراویان ئەنجام دا؛ لە داخستنی سنوورەوە تا خەندەق لێدان و گەمارۆی ئابوری کە هیچکامیان نەگەیشتنە ئەنجام.
بارزانی ئاکتۆرێکی گشت لایەنەیە و ئەوەی بەلایەوە گرینگ نیە بەرژەوەندی نەتەوەیی کوردە و ئەوەی بەلایەوە ئەولەویەتی هەیە، پاراستنی دەسەڵات و هەژمۆنی و دەسکەوتی ئابووریی بنەماڵەکەیەتی. ئامریکاییەکان و ئەوانیتریش ئەوە باش ئەزانن کە بارزانی ئەتوانێ بە ئاسانی بچتە باوەشی ئەردۆغانەوە، هەلومەرجی ناوچەکەش لە ئاستێکی زور مەترسیداردایە و بارزانی و تورکیە ئەتوانن شکەست بە سیاسەتەکانی ئامریکا یان پاشەکشە بە هێزەکانی هاوپەیمان بکەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستا، بۆیە ناچارن باڵانسی هاوکارییەکان راگرن.
بارزانی نایەوێ پ ک ک ببێتە خاوەن هیچ رۆڵێک، بەڵام واقعی ئەمر وا نیە و پ ک ک لە هەر چوار بەشی کوردستانا پێشەنگە و خاوەن هێزە و ئەوەش لە کەس شاراوە نیە. ئامریکاییەکان نایانەوێ بارزانی پاڵ پێوە بنێن و ناشیانەوێ پ ک ک لەوە بە هێزتر ببێ. ئەمەش وای کردووە کە یاری بە کورسی سەرۆکایەتیی هەرێم بکەن و هەموو لایەنەکانی باشوور قەناعەت پێ بێنن کە لانێکەم تا 5 ساڵیتر بارزانی سەرۆکی هەرێم بێت. کەواتە بارزانی ناڕوا بەڵام پرسیارەکەش ئەوەیە کە ئەی باشە بۆ رەوشەکە گەیشتوەتە ئەم ئاستە؟ بێگومان خودی ئەم هەلومەرجەی باشور، بەرهەمی ئەقڵی عەشیرەگەرای بنەماڵەیە. بارزانی نایەوێ تەنازول بکات و حیزبەکانیتر لە دەسەڵات و گوڕانکارییەکانی ناوچەکەدا شەریک بکات و ناشیەوێ ئەوە قەبوڵ بکات کە ئەو لە سەرووی خەڵک و یاسا و پارلەمانەوە نیە. لە لایەکیترەوە کارتی تورکیە بەکاردێنێ بۆ بێدەنگکردنی ئامریکا و ئەورووپا.
بە بڕوای من بارزانی ناڕوا و ئیتر وا باشترە حیزبەکانیتری باشووری کوردستان هەوڵ بدەن ریگەیەکی مامناوەندی بۆ دەرچوون لەم وەزعە بگرنەبەر و پارلەمان کارا بکەنەوە و لێگەڕێن بارزانی هەر وەک خۆی بمێنێتەوە. بەڵام دەبێ هەموو حیزبەکانی باشوور درۆ لە گەڵ خۆیان و خەڵکا نەکەن و راستییەکە بڵێن و رایبگەیەنن کە جارێ ناتوانن بارزانی وەلانێن. دیارە ئەگەر پلانێکی باش بۆ بەڕێوەبەریی هەبێ، ئەکرێ چاکسازی و دادپەروەری پێشبخرێ و گەندەڵیی سنوردار بکرێتەوە و ژیانی خەڵک بکەوێتە سەر رەواڵێکی باشتر.
لە چەند ساڵی داهاتوودا گەلێک گوڕانکاری لە ناوچەکە و لە باڵانسی هێزدا پێکدێت و ئەو فاکتەرانەش یەکلاکەرەوە دەبن و بێگومان بارزانی باجی ئەم سیاسەتانەی ئێستای ئەدات و لاواز دەبێت.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە